یه‌كه‌م كه‌سبه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه ببیسی
Send us an email to subscribe to our email bulletins for programme updates.
lkff@lkff.co.uk
ده‌ستپێک
جارێکی دیکه‌یش، له دوای دوافێستیڤاڵمانه‌وه ساڵی 2007، خۆشحاڵین به ئێوه بگه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین فێستیڤاڵه‌که‌مان ئه‌مساڵیش به ئاستێکی تر بگه‌یه‌نین. فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن، ئه‌مساڵ بۆ یه‌که‌مین جار، له شه‌ش شوێنی جیاواز له له‌نده‌ن فیلمه‌کانی پێشان ده‌دات. سینه‌مای ڕیۆ له دالستۆن، هه‌ر له سه‌ره‌تای یه‌که‌مین فێستیڤاڵمانه‌وه ساڵی 2001، ته‌نیا شوێن بووه بۆ پێشاندانی فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن. زۆر هاوکار هه‌بوون بۆ بڕیاڕدانمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که فێستیڤاڵه‌که‌مان به نێو چه‌ند شوێنێکدا و له له‌نده‌ن بڵاو بکه‌ینه‌وه تا بیانگه‌یه‌نین به زۆرترین بینه‌ران و له زیاترین شوێنی جیاوازدا پێشانیان بده‌ین. له‌ڕاستیدا ئه‌مه خۆی له خۆیدا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌رکێکی سه‌خت به‌ڵام خۆشدا، به‌ڵام ئێمه ئاماده‌ین ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ئه‌رکه ببینه‌وه و هیواداریشین که زیاتر په‌ره‌ی پێ بده‌ین و له‌گه‌ڵ ستراتیژی داهاتوومان بۆ هه‌موو فێستیڤاڵه‌کانی له‌مه‌ودوامان بیگونجێنین. هه‌روه‌ها خۆشحاڵین که فیلمه‌کانمان له چه‌ند شوێنێکی جیاوازی پایته‌خته‌که‌ماندا پێشان ده‌درێن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین په‌یامی فیلمه‌کانمان به هه‌موو که‌س و لایه‌ک بگه‌یه‌نین.
ئێمه، ئه‌مساڵیش وه‌ک ساڵان، پرۆگرامێکی یه‌کجار به‌هێزمان له‌و فیلمانه‌ی که هه‌م له لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری کورد و هه‌م له لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری غه‌یره‌کورده‌وه سازکراون بۆ ئاماده کردوون. پرۆگرامه‌که‌مان پڕه له فیلمی به‌هێز و جیاواز که ڕیزێک پرسی گرنگ و ڕه‌خنه‌ئامێز و چیرۆکی سه‌رنجڕاکێشیان له خۆیان گرتووه.
فیلمی کوردی، له ساڵی 2009دا، گه‌شه‌کردنێکی زۆر ئه‌رێنییانه‌ی به خۆیه‌وه بینووه. له فێستیڤاڵی (کان)ی 2009دا ته‌نیا دوو فیلم له‌نێو ئه‌و فیلمانه‌دا هه‌بوون که له ئێران به‌رانبه‌رکێیان بۆ به‌شداریکردن له‌و فێستیڤاڵه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کتردا کردووه و هه‌ردوو ئه‌و فیلمانه‌ش له لایه‌ن ده‌رهێنه‌رانی کورده‌وه ساز کراون. فیلمی (که‌س له‌باره‌ی پیشیله فارسه‌کانه‌وه نازانێت)ی به‌همه‌نی قوبادی و (سرته له‌گه‌ڵ با)ی شه‌هرام ئالیدی دوو له‌و فیلمانه بوون که چه‌ندین خه‌ڵاتیان له فێستیڤاڵی (کان)ی 2009دا وه‌رگرت و ئێمه خۆشحاڵین که هه‌ردوو فیلمه‌که له‌نێو پرۆگرامه‌که‌ماندا هه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌مساڵ، بۆ یه‌که‌مین جار فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، له نیویۆرک، له مانگی ئۆکتۆبه‌ردا، ساز کرا. ئه‌م هیوایه‌ی که له ده‌مێکه‌وه هه‌موومان چاوه‌ڕێی بووین له‌وێ، له ئه‌مه‌ریکا، بێته دی؛ به یارمه‌تی و کۆمه‌کیی فێستیڤاڵه‌که‌مان هاته دی و ئێمه زۆر خۆشحاڵین به‌وه‌ی فێستیڤاڵێکی ده‌سته‌خوشکی فێستیڤاڵه‌که‌مان، له‌وێ و له‌وبه‌ری زه‌ریادا، هه‌یه. کورد، به‌م فێستیڤاڵه نوێیه، پردێکی پته‌وی له‌نێوان هه‌ردوو پایته‌خت؛ له‌نده‌ن و نیویۆرکدا، دروست کردووه. گه‌شه‌کردنێکی گرنگی دیکه‌یش که هه‌ر له ساڵی 2009دا ڕوویدا ئه‌وه بوو که چه‌ندین فیلمی کوردی له چلوشه‌شه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی (ئه‌نتالیای پرته‌قاڵی زێڕینی نێونه‌ته‌وه‌یی)دا به‌شداری کرد، وه‌ک: من دیت (منداڵانی دیاربه‌کر)، دۆکیومێنته‌ریی (زیندانی ژماره 5) ـ که خه‌ڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنته‌ری برده‌وه‌ـ و دۆکیومه‌نته‌رییه‌کی تر به ناوی (به‌ره‌و خوێندنگه) ـ که خه‌ڵاتی باشترین فیلمی برده‌وه ـ و هه‌روه‌ها (کراسیی کوشنده) له‌و فێستیڤاڵه‌دا به‌شدار بوون. ئاسان نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که کورد دووه‌مین میلله‌تی گه‌وره‌ی نێو تورکیایه، باوه‌ڕ به‌وه بهێنرێت فیلمه‌کانیان دوای ساڵگه‌لێک له چاوه‌ڕوانی له فێستیڤاڵێکی وه‌هادا به‌شدار ببن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه پێشان ده‌دات که کورد له تورکیا ڕووبه‌ڕووی چ ئاستێکی چه‌وسانه‌وه و هه‌ڵاواردن کراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ده‌نگوباسێکی خۆش ئه‌وه‌یه که ئه‌و فیلمانه، هه‌ر چواریان، له پرۆگرامه‌که‌ی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵه‌که‌ماندا هه‌ن پێشانی بینه‌رانی ده‌درێن. پێشکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی تری ساڵی 2009 بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌مین کتێبی کوردییه له‌سه‌ر سینه‌مای کوردییه له لایه‌ن (موژده ئارسلان)ی ده‌رهێنه‌ره‌وه. ئه‌م کتێبه؛ (سینه‌مای کوردی: بێڕه‌گوڕیشه‌یی، سنوور و مه‌رگ)، له ئێستدا ته‌نیا به زمانی تورکی بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پلانی ئه‌وه‌یش له ئارادایه که به کوردی و ئینگلیزیش بڵاو بکرێته‌وه. له کۆتاییدا ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه‌پێکردنه ئه‌وه‌یه که ئه‌مساڵ هه‌م فێستیڤاڵی فیلمی کورد و هه‌م کۆنفرانسی سینه‌ما له دیاربه‌کر به هاوکاری و هاوبه‌شی شاره‌وانیی مێترۆپۆلیتانی دیاربه‌کر و ناوه‌ندی هونه‌ر له دیاربه‌کر ساز ده‌کرێت. هه‌ردووکیان، هه‌م فێستیڤاڵه‌که و هه‌م کۆنفرانسه‌که‌ش، له‌نێوان 4-13ی دیسه‌مبه‌ری 2009دا له دیاربه‌کر ساز ده‌کرێن.
ئێمه ئه‌مساڵ، گه‌لێک شت له پرۆگرامه‌که‌ماندا هه‌ن. ئێمه شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ین که چه‌ند فیلمێکتان پێشکه‌ش ده‌که‌ین که له لایه‌ن ده‌رهێنه‌رانی ژنه‌کورده‌وه ساز کراون. ژنی کوردی ده‌رهێنه‌ر، ئه‌یتێن موتلو سارای، که نیشته‌جێی سویسرایه به یه‌که‌مین فیلمی درێژی خۆی به ناوی (زارا)ه‌وه له فێستڤاڵه‌که‌ماندا به‌شداری ده‌کات، له‌کاتێکدا که ژنه‌ده‌رهێنه‌رێکی تری کورد؛ شیرین جیهانی، که له باشووری کوردستان (عیراق) داده‌نیشێت، به یه‌که‌مین فیلمی درێژی خۆی به ناوی (ئه‌ستێره‌کان له ڕۆژدا بێ ڕه‌نگن)، که له لایه‌ن زۆر که‌سه‌وه وه‌ک یه‌که‌مین فیلمی درێژی فێمینیستانه له سینه‌مای کوردی‌دا باسی لێوه کراوه، به‌شداری ده‌کات. یه‌کێک له تیشکه ڕۆشنه‌کانی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵمان فیلمی (ئازاد)ه که نیکۆڵاس ته‌کیان ئاماده‌ی کرده‌وه و فیلمێکه له لایه‌ن ته‌له‌فیزیۆنی فه‌ره‌نساییه‌وه به‌رهه‌م هێنراوه، که له ڕوانگه‌ی دانسقه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌وه، ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر جێ‌وڕێی کورده‌کان له سه‌روبه‌ندی قاتوقڕکردنی ئه‌رمه‌نه‌کاندا. ئێمه، هه‌روه‌ها، دڵخۆشین به‌وه‌ی که فیلمی (له‌پاش ڕووخان)ی هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی کورد؛ هونه‌ر سه‌لیم، بۆ یه‌که‌مین جار له به‌ریتانیا پێشان ده‌ده‌ین. هه‌روه‌ها تێبینی ئه‌وه‌ش بکه، له کاتێکدا ئێمه ته‌نیا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ریکی یارمه‌تیدانی بیرۆیه‌کی ئاماده‌کردنی فیلم بووین که به دوای ئه‌کته‌ردا ده‌گه‌ڕا بۆ فیلمه‌که‌ی فیلیپ لیۆرێ به ناوی (به‌خێربێن)ه‌وه، که‌چی ئێستا ئێمه ئه‌و فیلمه به‌هێزه‌مان له فێستیڤاڵه‌که‌ماندا هه‌یه ؛ فیلمێک که له فه‌ره‌نسا و له ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نساش، له‌به‌ر هه‌ڵوه‌سته‌ی ڕه‌خنه‌گرانه و ڕاستگۆیانه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی په‌نابه‌ریی فه‌ره‌نسا، مشتومڕێکی زۆری له‌سه‌ر کرا و پێشانی بینه‌رانی ده‌ده‌ین. ئه‌گه‌رچی فێستیڤاڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سینه‌مای وه‌ک فێستیڤاڵی پرته‌قاڵی زێڕین و فێستیڤاڵی تۆپی زێڕین له تورکیا هه‌رگیز نه‌یانویستووه فیلمه‌کانی (کازم ئۆز) بخه‌نه ڕیزی فیلمه به‌شداربووه‌کانی فێستیڤاڵه‌کانیانه‌وه، که‌چی ئێمه دوایین دوو فیلمی به‌هێزی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره کورده‌مان به ناوی (زریان) و (دوا وه‌رز: شه‌واکس)ه‌وه هێناوه و له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵماندا پێشانیان ده‌ده‌ین. خۆشحاڵیشین به‌وه‌ی که بۆ یه‌که‌مین جار فیلمی (زریان) له به‌ریتانیا پێشان ده‌ده‌ین. ڕاڤین ئاسه‌ف، که ده‌رهێنه‌رێکی کوردی دانیشتووی ئه‌ڵمانیایه، به دوافیلمی خۆی به ناوی (بۆنی سێ‌و)ه‌وه له فێستیڤاڵه‌که‌ماندا به‌شداری ده‌کات. هه‌روه‌ها فیلمه‌کانی (هه‌رمان)، (به‌هه‌شت جێی تێرۆریستان نییه) و (وڵاتی داستان)، که هه‌موویان فیلمی درێژن له کوردستانه‌وه و له لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری کوردی گه‌نجه‌وه ده‌رهێنراون، به دڵنیاییه‌وه پرۆگرامه‌که‌ی ئه‌مساڵمان به گشت ڕوانگه گرنگه‌کانی نه‌وه‌ی نوێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌م فیلمانه به بودجه‌یه‌کی که‌م و له ژێر باری هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختدا ئه‌نجام دراون و نوێنه‌ری بوێری و توانای خوڵقێنه‌رانه‌ی ئه‌و فیلمسازه کوردانه‌ن له به‌زاندنی ئه‌و ئاسته‌نگ و ڕێگرانه‌ی له به‌رده‌میاندان و بوون.
له پرۆگرامی فیلمه دۆکیومێنته‌رییه‌که‌ماندا 55 فیلمی به‌هێزی کورت و درێژمان هه‌یه. دۆکیومێنته‌رییه‌کانی (هێرۆی ئه‌مه‌ریکایی) و (دۆتمام) دوو دۆکیومێنته‌رین که به کارامه‌یی ئه‌نجام دراون و باس له هه‌وڵ و ته‌قه‌لای سه‌رنجڕاکێشی دوو ژنه‌کورد ده‌که‌ن که چۆن ڕووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجه سه‌خته‌کانی ژیانی خۆیان ده‌بنه‌وه. له کاتێکدا که زۆرێک له دۆکیومه‌نته‌رییه‌کانمان له‌گه‌ڵ تاووتوێکردنی چه‌ند پرسی گرنگی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی؛ له‌نێویاندا پرسی توندوتیژی دژی ژنان له کوردستان، خه‌ریکن، به‌ڵام فیلمی كوردستان له نزیكه‌وه (کلۆزئه‌پ کوردستان)ی ده‌رهێنه‌ری کورد (یوکسێل یاڤوز)ی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی به‌بایاخه له به‌شێک له‌و پرسه گرنگانه‌ی که ڕووبه‌ڕووی کورد ده‌بنه‌وه و به‌تایبه‌ت به‌بایه‌خه بۆ بینه‌رانی غه‌یره‌کورد سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای کوردستان. (په‌ری ئیبراهیم)ی فیلمسازی دانیشتووی گلاسکۆ و دۆوگ ئاوبره‌ی به دۆکیومێنته‌رییه درێژه‌که‌ی خۆیان به ناوی (کوردی)یه‌وه کوردستان‌مان لێ نزیکتر ده‌خه‌نه‌وه. (له‌یلا قاسم) و (سۆزدار) دوو دۆکیومێنته‌ری ترن که ڕۆشنایی ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی له بزاڤی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کوردی‌دا به‌شداریان کردووه. له به‌شێکی تری فیلمه دۆکیومێنته‌رییه‌کانی پرۆگرامه‌که‌ماندا، زۆر دوورتر له‌وه‌ی که بتوانین به سه‌ربه‌ستی فیلم دروست بکه‌یت، کورده‌کانی سوریا له ژێر سه‌ختترین هه‌لومه‌رجی ژیانه‌ی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا ده‌ژین. له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاسته‌نگانه‌شدا، ئێمه زۆر به‌خته‌وه‌رین به‌وه‌ی که فیلمی دۆکیومێنته‌ریی (ڕۆژێک له باکوور) له پرۆگرامه‌که‌ماندا هه‌یه، که له لایه‌ن ده‌رهێنه‌رێکی کورده‌وه که بۆ خۆپاراستن له زوڵم‌وزۆری ده‌وڵه‌تی سوریا نایه‌وێت ناوی بهێنرێت، ئاماده کراوه. ئه‌م بڕیاره پێویسته، به داخه‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌کات که کورده‌کانی سوریا له ئێستادا له ژێر چ بارودۆخێکی ناخۆشدا ده‌ژین. ده‌رهێنه‌رێکی کوردی تر؛ مانۆ خه‌لیل، که ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌به‌ر زوڵموزۆر سوریای به‌جێهێشتووه، له فێستیڤاڵه‌که‌ماندا به دواترین فیلمی دۆکیومێنته‌ری خۆی به ناوی (زیندانه‌که‌م، ماڵه‌که‌م)ه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێت. دوابه‌دوایش له‌گه‌ڵ پرۆگرامه به‌هێزه‌که‌ماندا سه‌باره‌ت به کورده ئێزیدییه‌کان له پێنجه‌مین فێستیڤاڵماندا، ئه‌مساڵیش دوو فیلمی جوانمان له‌سه‌ر ئێزیدییه‌کان هه‌یه. یه‌که‌میان دۆکیومێنته‌ری (ئێزیدییه‌کان)ه که له لایه‌ن ئه‌نیا برێین؛ ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی نه‌رویجییه‌وه ساز کراوه و دووه‌میشیان (گوندی ئێزیدییان)ه که به‌رهه‌می ساڵی 2008ی ده‌رهێنه‌ری کورد (ڕۆدی یوزباش)ه.
هه‌روه‌ها، له‌و پێشبڕکێیه‌شدا که بۆ کورته‌فیلم ئاماده‌مان کردووه، 10 فیلمی تری کورتی به‌هێزمان هه‌یه و له لاپه‌ڕه‌کانی 34 و 35ی پرۆگرامه‌که‌ماندا لیسته‌مان بۆ کردوون. له‌نێو ئه‌مانه‌دا فیلمی (ئه‌وانی تر)ی ده‌رهێنه‌ری کورد هیشام زه‌مان هه‌یه و سێ کورته‌فیلمی ده‌رهێنه‌ری کورد (بێری شالماشی)ی دانیشتووی ئه‌مسته‌ردام هه‌یه، که ئه‌مساڵ به باشترین خوێندکاری بیکه‌ڵچه‌ری خوێندنی باڵا له هۆڵاندا هه‌ڵبژێردرا و هه‌روه‌ها به یه‌کێک له ده باشترین به‌هره له بواری فیلم‌دا، له گۆڤاری (سکریێن)دا، ئاماژه‌ی بۆ کراوه. بنه‌ڤشه بێریڤان، که یه‌کێک له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی هه‌ڵسه‌نگێنه‌رانی یه‌که‌مین پێشبڕکێی یه‌ڵماز گونه‌ی بوو بۆ کورته‌فیلم له ساڵی 2007دا، ئه‌مساڵ له فێستیڤاڵه‌که‌ماندا به دواترین کورته‌ی فیلمی خۆی به ناوی (چیرۆکی ته‌له‌فۆن)ه‌وه به‌شداری ده‌کات. ئێمه ئه‌مساڵ زیاتر له 80 فیلممان بۆ به‌شداریکردن له دووه‌مین فێستیڤاڵی یه‌ڵماز گونه‌ی بۆ کورته‌فیلم پێگه‌یشتووه و 45 دانه‌یان له یه‌که‌م هه‌ڵبژارده‌ی کۆمیته‌ی هه‌ڵبژاردندا بۆ پێشبڕکێیه‌که هه‌ڵبژێردراون که هه‌م به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ری کورد و هه‌م هیی غه‌یره‌کوردن.
ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت سوپاسی هه‌موو ئه‌وان بکه‌ین که له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا کۆمه‌کیان کردووین. له پێش هه‌موویشیانه‌وه ده‌مانه‌وێت سوپاسی هه‌موو ئه‌و فیلمسازانه بکه‌ین که فیلمه‌کانی خۆیان بۆ فیسیڤاڵه‌که‌مان ناردووه، ده‌مانه‌وێت سوپاسی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بکه‌ین که ئه‌م ئه‌رکه گرانه‌یان گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆیان، سوپاسی هه‌موو ئه‌و خۆبه‌خشانه بکه‌ین که به‌وپه‌ڕی له‌خۆبووردنه‌وه و به ڕێکوپێکی ئه‌رکه‌کانی خۆیان به جێ گه‌یاندووه، ده‌مانه‌وێت سوپاسی نوێنه‌ره‌کانمان له کوردستان و به‌تایبه‌ت کۆمه‌کپێکه‌ران و ئه‌و هۆیانه‌ی ڕاگه‌یاندن بکه‌ین که کۆمه‌کیان به فێستیڤاڵه‌که‌مان کردووه و ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژ کردووین. به‌ر له هه‌ر شتێکیش ده‌مانه‌وێت به تایبه‌ت سوپاسی چه‌ند که‌س و ڕێکخراوه‌یه‌ک بکه‌ین و ناویان بهێنین، وه‌ک: بۆریس جۆنسۆن (پارێزگاری له‌نده‌ن)، د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح (سه‌رۆکوه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان)، كاك فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی (وه‌زیری رۆشنبیریی پێشووی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان)، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان)/وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی و لاوان، به‌ڕێز ناسر حه‌سه‌ن (به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سینه‌ما) و سه‌رجه‌م کارمه‌ندانی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی سینه‌ما)، خاتوو به‌یان عه‌بدولڕه‌حمان (نوێنه‌ری باڵای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له به‌ریتانیا)، د. صلاح الشیخلی (سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی به‌ریتانیا-عیراق)، چارلی جیلێت؛ (پێشکه‌شکه‌ری مۆسیقای جیهان له بی.بی.سی.)، پارێزه‌ر فیدییه ئارسلان، یارمه‌تیده‌ر و هاوڕێی دێرینمان خاتوو جێنی هه‌ڵ، فه‌رهاد عابد (بی.پلان)، شێرکۆ عابد (بی.پلان)، به‌ڕێز موفید عه‌بدوڵا (موفید ئاند کۆمپانی)، ئاسۆ-خه‌ندان، پێشڕه‌و نامۆ (سایبۆتیكست)، به‌ڕێز پێشه‌وا بابان (کانی تراڤڵ)، لێبارا موبایل، به‌ڕێز شوان شاکر و ئاری خه‌سره‌و (دونیا ڕێستورانت)، بۆ هه‌ر یارمه‌تی و کۆمه‌کێک که به فێستیڤاڵه‌که‌مانیان کردووه. له کۆتاییشدا ده‌مانه‌وێت سوپاسی زۆری ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندی کورد ئالان دیلان بکه‌ین که ریكلامی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵی به ئه‌نیمه‌شین بۆ دروست کردین، سوپاێكی زۆر بۆ كاك كاردۆ ئه‌یوب، كه شه‌و و ڕۆژ كاری له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌مان كردووه تا له‌كاتی خۆیدا ئاماده‌بێت. هه‌روه‌ها ناتوانین ئه‌و که‌سه به‌ڕێزانه له بیر بکه‌ین که له مه‌یدانه‌کانی فێستیڤاڵه‌که‌ماندا تا بڵێیت کارئاسانی‌یان بۆ کردووین، وه‌ک: نه‌جده ئه‌سه‌فه (فیلمئۆفیسه‌ر، ڕیجمیکس)، شیرا ماکلێود (به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌ما، ڕیڤه‌رساید)، ڕۆب وڕه‌ی (به‌ڕێوه‌به‌ر، شۆرتوه‌یڤ سینه‌ما)، ئه‌لیسۆن ویلیس (به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرام له ناوه‌ندی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ هیومان ڕایتس ئه‌کشن)، مارجۆری هۆک و ڤالێری دۆ ڕویته‌ر (په‌یوه‌ندیی بازرگانی، کۆلیژی بیربێک) و ڤێریێن ویلتشێر (ده‌رهێنه‌ری ستودیۆ، سپرینس ستودیۆس).
به‌بێ پشگیریی هاوڕێ و کۆمه‌کپێکارانمان نه‌مانده‌توانی ڕووداوێکی له‌م جۆره و به‌م به‌رفراوانییه ڕێک بخه‌ین و کاروبه‌رهه‌می جوان و نایابی هونه‌رمه‌ندانی کورد و غه‌یره‌کورد که کوردیان به لاوه گرنگه بهێنینه له‌نده‌ن.
ئێمه، له‌به‌ر چه‌ند هۆی گرنگ، فیلمی من دیت (مناڵانی دیاربه‌کر)مان هه‌ڵبژاردووه بۆ کردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ی ئه‌مساڵمان له یه‌که‌مین ئێواره‌یدا. دواڕووداویش بۆ کۆتاییهێنان به فێستیڤاڵه‌که‌مان به‌و شێوه‌یه ڕێکخراوه که یارمه‌تی و کۆمه‌ك کۆ بکه‌ینه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌ک به مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی یاریگایه‌کی مناڵان له هه‌ڵه‌بجه له باشووری کوردستان. له ئێستادا به سه‌دان مناڵی کورد له باکووری کوردستان (تورکیا)، له‌به‌ر به‌شداربوونیان له خۆپێشاندانه‌کاندا بۆ مافی یه‌کسانی کورد و بۆ مافی خوێندن به زمانی زگ‌ماک، له زینداندان و هاوکاتیش به هه‌زاران مناڵ له سه‌رانسه‌ری کوردستاندا، دوای گوێگرتن له‌و چیرۆک و به‌سه‌رهاته تۆقێنه‌رانه‌ی له لایه‌ن دایکوباوکانیانه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه که به درێژایی ساڵگه‌لی ڕابوردوو چی به‌سه‌ر کورددا هێنراوه، به ترسه‌وه به‌ره‌و ڕووی داهاتووی خۆیان ده‌بنه‌وه. ئێمه هه‌موومان له به‌رانبه‌ر فه‌راهه‌مکردنی داهاتوویه‌کی پڕ له ئاشتی و برایه‌تیدا بۆ مناڵه‌کانمان به‌رپرسیارین.
فێسێڤاڵی ئه‌مساڵمان پێشکه‌شه به گشت مناڵانی کوردستان!
له‌گه‌ڵمان به له فێستیڤاڵه‌که‌ماندا!
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له له‌نده‌ن
کۆمیته‌ی ڕێکخستن


